بەداخێكی زۆرەوە ڕۆژی شەممە 10ـی 10ـی 2015 لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستی لە میتینگێكی تایبەت بە پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە شاری ئەنكارا دەیان هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.
سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆمان بۆ گەلانی توركیا و كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی ئانكارا ڕادەگەیێنین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین لە هەمانكاتیشدا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەن و ترسنۆكانەی تیرۆریستان دەكەین.
ئەم كردەوە تیرۆریستییە لەكاتێكدایە كە ناوچەكە بە گشتی و وڵاتی توركیا بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و مەبەستی تیرۆریستان لەم كردەوە نامرۆڤانەیە دروستكردنی ئاژاوە و قووڵكردنی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكانی توركیا و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیانە.
تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە لەسەر هەموو پێكهاتەیەك و تێكڕای مرۆڤایەتی و پێویستە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە ئەولەویەتی هەموو لایەك بێت.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
10ـی 10ـی 2015
لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێزی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە بووە لەسەر ئەرزی واقع و، توانیویەتی سەركەوتنی بەرچاو لە بەرانبەر داعش مسۆگەر بكات. لەم شەڕەدا هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی كاریگەرە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە عێراق.
هەرێمی كوردستان سوپاسی هەر دەوڵەت یان لایەنێك دەكات كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش یارمەتیی پێشمەرگە بدات و لەم ڕووەوە پێشوازییش لە وڵاتی ڕووسیا دەكات ئەگەر لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هاوكاریی پێشمەرگە بكات.
سەبارەت بە هەوڵە جیهانییەكان بۆ تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەگەر هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەنێوان هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و وڵاتی ڕووسیا لە دژی داعش هەبێت ئەوە ئەنجامی باشتری لێدەكەوێتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
3ـی 10ـی 2015
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا لە زارگەلی ژمارەیەك هاووڵاتیی بێ تاوان شەهید و بریندار بوونە. سەرەخۆشیی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەم بۆردومانە دەكەین كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستان، داوا لە توركیا دەكەین بۆردومانكردنی خەڵكی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە و شەهیدكردنی هاووڵاتیی مەدەنیی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
پێویستیشە هێزەكانی پەكەكە گۆڕەپانی شەڕەكە لە هەرێمی كوردستان دوور بكەنەوە و چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانیی ئەو شەڕ و ململانێیە. بەردەوامیی شەڕ زیانی بۆ خەڵكی مەدەنی دەبێت و داوا دەكەین لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
1ـی 8ـی 2015
ئەمڕۆ هەینی 17ـی4ـی 2015 لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی لە شارۆچكەی عەینكاوەی هەولێری پایتەخەت ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ شكستی تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان و فەشەلهێنانیانە لە بەرەكانی جەنگ.
بۆیە تیرۆریستان ترسنۆكانە پەنا بۆ كردەوەی تیرۆریستی دەبەن و هەوڵ دەدەن ئاسوودەیی هاووڵاتیان بشێوێنن. وێڕای ئیدانەكردنی توندی ئەم كارە قێزەوەنەی تیرۆریستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی عەینكاوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.
لەوەیش دڵنیاین كە هێزەكانی ئاساییش لە زووترین كاتدا ئەنجامدەرانی ئەم كارە دڕندەیە بە سزای خۆیان دەگەیێنن و هاووڵاتییە سەربەرزەكانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس بە هەموو توانایەكیانەوە ئارامی و ئاسوودەیی وڵات دەپارێزین. با تیرۆریستانیش ئەوە باش بزانین كە ورەی پۆڵایینی هاووڵاتیانی كوردستان بەمجۆرە كردەوانە دانابەزێت و هەموولایەكمان سوورتر دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشمەرگە قارەمانەكانیش تۆڵەی خوێنی بە ناهەقڕژاوی هاووڵاتیان، لە بەرەكانی جەنگ دەكەنەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ـی 4ـی 2015
ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو دەستی چەپەڵی تیرۆریستان گەییشتە ئاهەنگی نەورۆزی هاووڵاتیان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و لە ئەنجامی دوو تەقینەوەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان شەهید و بریندار بوون.
لە كاتێكدا كە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە ترسنۆك و قێزەوەنەی تیرۆریستانی دڕندە دەكەین، ڕایشیدەگەیێنین كە تاوانی لەم چەشنەی تیرۆریستانی دڕندە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بەهێزتر دەكات و ڕیزەكانی گەلی كوردستان لەبەرانبەر دوژمنان پتەوتر و یەكگرتووتر دەكات.
سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین. بۆ خوشك و براكانیشمان لە ڕۆژئاوا و حەسەكە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەوانین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و یارمەتیدانیانین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
21ـی 3ـی 2015
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم ڕەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزیدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە. شنگال بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و دامودەزگەی فەرمی و ئیداریی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەركی بەڕێوەبردن و یارمەتیدانی خەڵك و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پاراستنی شنگال لەسەر شانی ئەم دامودەزگەیە و، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە هیچ جۆرە ئیدارەیەكی كارتۆنی و لەدەروەی ویستی خەڵكی شنگال بەسەر ئەم دەڤەرەدا بسەپێنێت و، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی كاردانەوەی توند دەبنەوە. خەڵكی خۆشەویستی شنگالیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شنگال بە شێوەیەكی فەرمی دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ـی 1ـی 2015
دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها بڕیاری بوردومانكردنی مۆڵگەكانی داعش لە كۆبانێ لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی 10ـی 2014 چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە گەییشتە شاری كۆبانێ.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕێی ئاسمانەوە بۆ كۆبانێ، بۆ ئەوەی ئەو قارەمانانەی لە كۆبانێ بەرگری دەكەن بتوانن سوود لەو چەك و هاوكارییانە وەربگرن.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
20ـی 10ـی 2014
لەبارەی ئەو دیمانەیەی كە رۆژنامەی (الحیاة) لەگەڵ سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر ئەنجامی داوە، سەرۆك مەسعود بارزانی رێز و خۆشەویستییەكی زۆری بۆ سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر و خانەوادە بەڕێز و قوربانیدەرەكەی هەیە، كە پێگەیەكی بەرز و هەڵوێستی مێژوویی بەرچاویان لە خەباتی گەلی عێراقدا هەیە.
هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی شانازییەكی زۆر بە پێگە و رۆڵی گرنگی شاری نەجەفی پیرۆز دەكات، پێشتریش سەردانی نەجەفی کردووە و ئامادەیە و حەزیش دەکات لە زووترین کاتی گونجاودا سەردانی بکات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
23/12/2013
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات